دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سزای حكومەتی توركیا دەدات


لەسەر رێگەنەدان بە چوونە دەرەوەی سێ ئەكادیمی بۆ خوێندن لە دەرەوەی توركیا، دادای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای حكومەتی توركیا داوە.

پێشتر سێ ئەكادیمیستی توركیا، لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی، سكاڵایان دژی حكومەتی توركیا تۆمار كردووە، ئەو سێ ئەكادیمییستە بەشێك بوون لە دەستەی (ئەكادیمیستەكان بۆ ئاشتی) كە لە ١١٢٨ كەسایەتی پێكهاتون و لە ڕاگەیاندنێكدا بە ناوی "ئێمە نابینە بەشێك لەم تاوانە" داوای چارەسەری پرسی كورد لە توركیایان كردووە.

دادگای ئەوروپی رایگەیاندووە "دەوڵەتی تورك سێ مامۆستاكەی لە زانكۆكانیان دەركردوە، دەستی بەسەر پاسپۆرتەكانیان گرتووە و ڕێگەی نەداون بچنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی نامەی دكتۆرا".

هەر بە پێی بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی، دەبێت دەوڵەتی تورك قەرەبووی ماڵی و مۆڕاڵی سكاڵاكاران بكاتەوە.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەنجومەنی ئەوروپا، لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ٢٠٢١ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ٣٨٢٠ جار سزای توركیای داوە، لەوانە ٣٣٨٥ سكاڵا تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ.

ئا:شوان حەمە نەرویج



PM:02:19:23/03/2023