پەرلەمانتارێك: دەروازە سنورییەكان سەرچاوەی گەورەی گەندەڵین

 
پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەنێت، دەروازە سنوریەكانی هەرێم، سەرچاوەیەكی گەورەی گەندەڵی و قاچاغین و داهاتەكەشی ناشەفافە.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاندووە، لەئەنجامی بەدواداچون بۆ دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان كە سەرچاوەیەكی قاچاغ و گەندەڵیە و داهاتەكەی ناشەفافە، دەستەی دەروازە سنوریەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات دەروازە سنوریەكانی هەرێم لەژێر هیچ چاودێری و كۆنترۆڵێكی عێراقدا نین و پابەندی بڕیاری ژمارە (13ی ساڵی 2019)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نابن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕێكەوتنی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر كۆمەڵێك ڕاسپاردە ڕێكەوتوون، كە پێویستە حكومەتی هەرێم واژۆیان لەسەر بكات، بەڵام تاكو ئێستا ئیرادەیەكی جددی نییە بۆ پابەندی هەرێمی كوردستان لەسەر دەروازە سنوریەكان.

سۆران عومەر وتویەتی، شەش دەروازەی دیكەی سنوری هەیە لەلایەن عێراقەوە بەرەسمی نەناسێنراون، تەنها لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناسێنراون، لەئێستادا لە دیراسەدایە لەلایەن عێراقەوە تاكو بەڕەسمی بناسێنرێن.

هەروەها باسی لەوەكردووە، لەو شەش دەروازەیە، دوو دەروازەیان لە سنوری دهۆكن، بەناوەكانی سەرزێری و سێماڵكا، چوار دەروازەی دیكەیان لە سنوری سلێمانیدان بەناوی (كێلێ، سەیران بەن، تەوێڵە، پشتە)، جگە لەوە 20 دەروازەی دیكە لە هەرێمی كوردستان هەیە جگە لە حكومەتی عێراقی، لەلایەن حكومەتی هەرێمیشەوە بەفەرمی نەناسێنراوە.



PM:02:39:25/03/2023