دادگای نێوبژیوانی پاریس روونكردنەوە سەبارەت بە بڕیارەكەی بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدات


دادگای نێوبژیوانی پاریس رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان مافی عەمباركردن و بەكارهێنانی بۆری نەوتی هەیە بۆ بەندەری جەیهان و تەنیا لە باركردنی نەوت بۆ كەشتییەكان لە جەیهان پێشێلكاریی كردووە. 
 
ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لە زاری سەرچاوەیەكەوە سەبارەت بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە حكومەتی عێراق، بۆیە توركیا هەڵە نەبووە كاتێك بەپێی رێنوێنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی عەمباركردووە و گواستوویەتییەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە، دادگا بڕیاریداوە كە توركیا تەنیا ئەو بەشەی رێككەوتنەكەی پێشێلكردووە كە بە تانكەر نەوتی بۆ بەندەری جەیهان گواستووەتەوە لەژێر رێنوێنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە بەپێی هەمواری رێككەوتنی بۆریی نەوتی عێراق و توركیا لە ساڵی 2010، روونە كە تەنیا وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ دەسەڵاتی یاساییان هەیە بۆ ئەوەی بڕیار بۆ باركردنی نەوت دەربكەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە راگیراوە و لە رۆژانی رابردووشدا چەند وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ تاوتوێی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.



AM:11:50:29/03/2023