دارایی و ئابووری رێنماییەكی خۆی بۆ فەرمانبەران هەموار كردەوە


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندن و پێدانی دەرماڵە، ڕێنماییەكی خۆی هەموار كردەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە نووسراوێكدا ڕێنمایی و هەمواركردنەوەی ڕێنماییەكی  تایبەتی بەو فەرمانبەرانە دەركردووە كە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن دەدەن بە مەبەستی هەمواركردنەوەی بڕوانامەكانیان.

لەنووسراوەكەدا هاتووە "ئەگەر فەرمانبەر بەشێوەی كۆتایی خوێندنی تەواو كرد، كاتێك كە لە دەوام دەستی بەكار كردەوە و پاش یەكسانكردنی بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، ئەوە شایستەی دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ خەرج دەكرێت".

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە "ئەگەر فەرمانبەر دەستبەكار بووەوە و بڕوانامەی پێشكەش نەكرد، ئەوە لەڕێكەوتی پێشكەشكردنی بڕوانامەكەی و پاش یەكسانكردنی بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ خەرج دەكرێت".

وەزارەتی دارایی وتویەتی "ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دەرەوەی وڵات بڕوانامە بەدەست دەهێنن، لە ڕێكەوتی پێشكەشكردنی بڕوانامەكانیانەوە دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەو مەرجەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا یان پەروەردەوە بڕوانامەكە یەكسان بكرێت".



PM:03:46:30/03/2023