بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەرهەمهێنانی كارەباش كەمیكرد


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەردوو كێڵگەی نەوت لە گەرمیان و خۆرمەڵەی سنوری هەولێر بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی 330 مێگاوات كارەبا كەمیكردووە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ریەیندووە، بڕیارەكەی دادگای پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەچەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمیكردووە بەجۆرێك، لەئێستادا لە وێستگەی  كارەبا لەگەرمیان كە بەغازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت 80 مێگاوات كارەبا كەمیكردوە و لە وێستگەی  خۆرمەڵەش لەهەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمیكردوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا 330 مێگاوات لەتۆڕی كارەبای نیشتمانی كەمیكردوە، وەزارەتی كارەبا لەهەوڵدایە بەپشتبەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر قەرەبووی ئەو  كەمبونەوەیە بكاتەوە.



PM:03:26:31/03/2023