رێککەوتنی سەرەتایی ھەرێم و بەغداد، بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، رەوانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا بۆ پەسەندکردنی.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، رەوانەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی کۆتایی لەسەر بدرێت و پێدەچێت رۆژی دووشەممەش رێککەوتنەکە لەلایەن لایەنێکی رەسمییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
ئاماژەش بەوەکراوە ، تورکیا دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جیھان، دۆسیەی دووەمی ناوبژیوانی پەیوەست بە رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ کە لە ساڵی ٢٠١٨وە بە کراوەیی ماوەتەوە، یەکلایی بکرێتەوە و ئەوش پێدەچێت نزیکەی دوو ساڵ بخایەنێت.
سەرچاوەکان ڕونیانکردۆتەوە ، تا ئێستا تورکیا لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق ئاگادار نەکراوەتەوە و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.