‎دەربارەی ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی سلێمانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات

دەربارەی ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی پارێزگای سلێمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ئێستادا هەردوو لایەنی تەقەکەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە". 

‎دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) کەوتووە ئاماژە بەوە دەکات" کاتژمێر  (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە نزیک پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ڕووداوی تەقەکردن لە نێوان چەند کەسێک ڕوودەدات لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار دەبن و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن".

ئەوەش هاتووە" دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەگەنە شوێنی ڕوداوەکە و هەردوو لایەنی تەقەکەر دەستگیردەکرێن و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە". 

‎لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا دەزگای ئاسایشی هەرێم دوپاتیدەکاتەوە، کە هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نیە و هەر کەسێک ببێتە هۆکاری تێکدانی ئارامی و ئاسایش دەستگیردەکرێن و ڕوبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. 


PM:02:29:02/04/2023