یەکێتی و پارتی لەسەر هەڵبژاردن ڕێککەوتن

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ نیسانی  ٢٠٢٣ هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی یۆنامی کۆبوونەوە و هەردوولا ڕایانگەیاند، "خاڵێكی ئەوتۆ نەماوە جیاوازیمان هەبێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەكان".

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا لەگەل سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند "ئامانجمانە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان دڵنیابن دەنگەکەیان پارێزراوە، بۆیە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کاتی زۆری پێویستە".

باسی لەوەشکرد، لەهەموو پرسەكاندا ڕای پێكهاتەكان بەهەند وەردەگرین، لەدوای ئەوەی یونامی ڕای خۆیان پێشكەش دەكەن بۆ شێوازی هەڵبژاردن، ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردن پێشكەش بە پەرلەمان دەكەین.

هەروەها زانا مەلا خالید، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەمان كۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ گفتوگۆمان كرد تاوەكو داڕشتنی یاسایی بۆ ئەو خاڵانە بكەین كەوا لەسەری ڕێككەوتووین، تاوەكو لەئایندەیەكی نزیك پەڕلەمانی كوردستان كۆببێتەوە لەسەری."

دەشڵێت: "خاڵێكی ئەوتۆ نەماوە جیاوازیمان هەبێت لەسەری لەگەڵ یەكێتی، ئەو خاڵەشی باسی پێكهاتەكان دەكرێت، هەردوولامان كۆكین لەسەر ئەوەی پێكهاتەكان خۆیان بۆچوونیان هەبێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەكەیان بۆ كورسی پێكهاتەكان، پێشتریش لەپەڕلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا".


ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٦ی ئازار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند کە ١٨-١١-٢٠٢٣ یە




PM:04:18:05/04/2023