"قسەكانی ئەنجومەنی ئاسایش هۆكاری سەرەكی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و سلێمانییە"

ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" قسەكانی ئەنجومەنی ئاسایش هۆكاری سەرەكی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و فرۆكەخانەی سلێمانییە"، دەشڵێت" هەرکەسێکی تر بەیاننامە و لێدوانی وای بڵاوبکردایەتەوە پارتی تۆمەتی ناپاکی گەورەی دەخستە پاڵی". 

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" روونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە دیاریکردنی هۆکاری راگرتنی گەشتەکان تارادەیەکی زۆر هەمان ئەو تۆمەتانە ئاراستەی سلێمانی دەکات کە بە مانشێت لە رۆژنامەی هەولێری پارتی و بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا هەبووە دووریش نیە سەرچاوەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەمان ئەو بەیاننامەیە نەبێت کە بایەخێکی زۆری پێدرا لە لایەن میدیای پارتییەوە". 

دەشڵێت" گریمان زانیارییەکانی ناو بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش سەداسەد راستبون، ئایا زانیاری لەو جۆرە هی ئەوەن بکرێنە مانشێتی رۆژنامەکان و بخرێنە میدیا یان هی ئەوە بوون لە ئاستی تر کاریان لەسەر بکرێ، ئەوەی ئەلف و بێی کاری  ئەمنی بزانێ و تۆسقاڵێک لە خەمی ئاسایشی هەرێمدا بێت، ناکۆکی سیاسی حزبی وای لێناکات بەمجۆرە وڵاتێکی وەک تورکیا دژی شارێکی هەرێمەکەی خۆی هانبدات". 

هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمە جگە لەوەی دژایەتی سلێمانییە، لێدانێکی گەورەیە لە ئاسایشی نیشتیمانی هەرێم و هەرکەسێکی تر بەیاننامە و لێدوانی وای بڵاوبکردایەتەوە پارتی تۆمەتی ناپاکی گەورەی دەخستە پاڵی. 


PM:09:01:05/04/2023