زانیاری نوێ لەسەر دەستکردنەوە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای سۆمۆ

تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ دەستکردنەوە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە، سودانی لە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزیری نەوت دەکات دەستبکەن بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

سەرچاوە ناوخۆییەکان لەهەرێمەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەم دوو ڕۆژەدا دەستدەکرێتەوە بەناردە دەرەوەو فرۆشتنی نەوت لە رێگای سۆمۆوە.

 بە پێچەوانەی ئەمەوە دوێنێ عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ رۆژی دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای سۆمۆوە نەکرد، بەلآم جەختی لەسەر ئەوە کرد کە بەمزوانە دەستپێدەکاتەوە.

لایەنێکی گرنگی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک، تورکیایە، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، دیاریش نییە کە ئایا لایەنی عێراقی و کۆمپانیای سۆمۆ هیچ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنی تورکی کردووە.

رۆژی ٢٥ ی ئازار لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا فرۆشتنی نەوتی هەرێم و کەرکوکی لە بەندەری جیهان راگرت و لە رۆژە تا ئێستا نەکراوەتەوە.  



PM:12:07:06/04/2023