یەكەم لێدوانی بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە راگرتنی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی


وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، توركیا بە نووسراوی فەرمی لە وەستانی ەشتەكانی وڵاتەكەی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاگاداری نەكردونەتەوە.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی سلێمانی، زیانی گەورەی بۆ خەڵكی پارێزگای سلێمانی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، لەگەڵ ئیدارەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدواداچوونیان كردووە و پێیان ڕاگەیەندراوە كە هیچ كەمتەرخەمییەك لە ئیدارەی مەدەنیدا نییە و بەپێی یاساش ئەوان پەیوەندیدار نین بە دۆسیەی ئەمنی فڕۆكەخانەكان، كە لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشە.

ئانۆ جەوهەر وتویەتی، داخستنی ئاسمانی توركیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كاریگەری لەسەر داهاتی گومرگی و دەزگا پەیوەندیدارەكان بە گەشت، دەروازە سنوورییەكان و نشینگە دەبێت و ئیدارەی فڕۆكەخانەش لەگەڵ دەستەی فڕۆكەوانی عێراق لەسەر هێلن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی توركیا ئەو پرسە چارەسەربكەن.



PM:10:34:06/04/2023