وەزیرى ناوخۆى عێراق بەهۆى ئۆتۆمبێلەکەیەوە بانگهێشتى ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت

بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزان وەزیرى ناوخۆى عێراق بانگهێشتى ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، بەهۆی ئەوەی دەوترێت ئۆتۆمبێلەکەی جام ڕەشە. 

لە کاتژمێرەکانی درەنگانی شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو کە لە دانیشتنەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند" عەبدولئەمیر شەمەرى وەزیرى ناوخۆ، دوای جەژنی ڕەمەزان بانگهێشتنى پەرلەمان دەکرێت". 

حەلبوسی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیرى ناوخۆ لە میدیا و سۆشیال میدیا زۆر تۆمەتى دەخرێتە پاڵ و پێویستە بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و خۆى وەڵامى ئەو تۆمەتانە بداتەوە.

وتیشی" دوو پرسیار لە شەمەرى دەکرێت کە بریتیە لەوەی ئایا ئۆتۆمبێلەکەت جامڕەشە یاخود نا؟ ئەگەر وایە سودى ئەم کارە چییە و بۆچی مەبەستێکە؟ هەروەها دەسەڵاتى جێبەجێکردنیش ئەو پرسیارەى ئاڕاستە دەکرێت کە ئایا رێککاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە گیراونەتەبەر کە ریکلام بۆ جامڕەشکردنى ئۆتۆمبێلەکان دەکەن؟". 


AM:10:11:19/04/2023