هاوڵاتییەكی عێراقی لە سودان كوژرا


وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی شەڕی چەكداری لەنێوا سوپا و هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە سودان هاوڵاتییەكی عێراقی گیانی لەدەستدا.

هەروەها ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، لەسەر داوای ئەوان 14 هاوڵاتی عێراقی لە شاری خەرتومەوە بۆ شوێنێكی سەلامەت لە ناوچەی بەندەری سودان گواستراونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە بەردەوامین لە هەوڵە فرەلایەنەكانمان بۆ چۆڵكردنی ئەو ژمارانەی كە ماونەتەوە، بە درێژایی كاتەكان هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی شەرەفمەندی خەرتوم دەكەین".

ماوەی چەند ڕۆژێكە شەڕێكی چەكداری لە سودان لە نێوان سوپا بە سەرۆكایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆكایەتی محەمەد حەمدان داگڵۆ حەمیدتی ڕوودەدات، كە بەهۆیەوە سەدان كەس كوژراو و برینداربوون.



PM:06:41:23/04/2023