دارایی و ئابووری سەبارەت بەدواكەوتنی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی سلێمانی روونكردنەوەی توند دەدات

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "لە چەند بانكێكی سلێمانی بەپێی زۆری و كەمی مووچەو پلەكانیان كاتی دابەشكردنی مووچەیان بۆ دیاری كراوە كە ئەوەش وەزارەت لێی بەرپرس نییە".

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین جیاكاری لەدابەشكردنی مووچەی چین و توێژە جیاوازەكان كراوەو بەپێی زۆری و كەمی مووچەو پلەكانیان كاتی دابەشكردنی مووچەیان بۆ دیاری كراوە".    

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەكردوە "یەكەم: ئەوەی كراوە كاری سەربەخۆی بانكی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بووەو بەهیچ جۆرێك وەزارەتی دارایی لێی بەرپرس نییە و بڕیاردەری ئەو كارە ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە".   

هەروەها وتویەتی "دووەم: دابەشكردنی مووچە بە پێی خشتەی ڕاگەیەنراو دەبێت كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە كە لە پەیجی فەرمیمان بڵاودەكرێتەوە، هەروەكوو لەڕابردوو پەیڕەوكراوە جگە لە وەزارەت كەس مافی دەستكاری و گۆڕانكاری لەخشتەكەدا نییە".

ئەو روونكردنەوەیەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە تائێستا فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەشەوە مانگرتنیان راگەیاندووە.




PM:12:02:26/04/2023