هەرێم بیر لە رێگەیەكی دیكە بۆ فرۆشتنی نەوت دەكاتەوە


حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە لەمەودوا لەڕێگەی تانكەرەوە نەوت هەناردەی دەرەوە بكاتەوە.
 
سەرچاوەیەكی باڵای حكومەتی هەرێم بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندووە "ئەگەر توركیا ڕێگە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم نەدات و عێراقیش كێشەكە چارەسەر نەكات، بیرمان لەوە كردووەتەوە نەوت بە تەنكەر لە ڕێگەی توركیا و ئێرانەوە بفرۆشین، وەك چۆن بەشێك لە نەوتی سوریا بە تەنكەر دەفرۆشرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە تێچووی زۆری دەوێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە "پێشبینی دەكەین بەم نزیكانە لێكتێگەشتن لە نێوان عێراق و توركیا دروست ببێت ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان ئێمە و عێراقیش، هەرێم خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت و داهاتەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم، عێراق تەنها سەرپەرشتی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دەكات".

بەهۆی بڕیاری دادگای پاریسەوە، ماوەی مانگێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە وەستاوە و تائێستاش هیچ ئاسۆیەك بۆ دەستپێكردنەوەی دیار نییە.



PM:11:13:27/04/2023