بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە سووربوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ئەمساڵدا دووپاتكردەوە.

ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە شاری هەولێر كردووە كە پێكهاتبوون لە رۆزی كەیڤ، كۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، جاكۆ بیرندس، كۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا، كلاوس ستریچێر، كۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، تۆكلید بیگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا و كاتریەن كرۆفت، بەرپرسی بەشی سیاسی كونسوڵخانەی ئەمریكا.

بەپێی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، "لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە".

هەر لەو دیدارەدا بارزانی كورتەیەكی لەبارەی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە فەرهەنگی دیموكراسی و هەڵبژاردن بۆ شاندی میوان خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا "گەلی كوردستان قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژێت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش ڕایگەیاند كە پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین".



PM:01:25:29/04/2023