"بە زووترین کات ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت"

سه‌رۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێکى یاوه‌رى کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند" پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت". 

بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانى  پێشوازى له‌ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێکى یاوه‌رى کرد، له‌ کۆبوونه‌وه‌کەدا که‌ ئەلینا ڕۆمەناوسکى، باڵیۆزى ئه‌مریکا لە عێراق و و ئیرڤن هیکس، کونسوڵى گشتی ئه‌مریکا له‌ هه‌رێم ئامادەی بوون، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا.

ئەوەش هاتووە" تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە بە زوترین کات ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان وعێراق بە گشتی زیانمەند نەبن". 

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند" پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی".

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دەرچونی میلیشیا و گروپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.


PM:04:37:03/05/2023