لە باکوری کوردستان بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی گەنجێک گیانی لەدەستدا

لە شارێکی باکووری کوردستان بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەی کارەساتی لەناوکاو و فریاکەوتنی تورکیا، درەنگانێکی شەوی رابردوو لە گەڕەکی سانجاکتار لە شارۆچکەی بەتاڵگازی لە پارێزگای مەلەتی باکوری کوردستان باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی داڕما. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ڕووخانی باڵەخانەکەوە گەنجێکی تەمەن (٢٩) ساڵ بەناوی (ئۆکتای گوچلو) گیانی لەدەستدا و سێ کرێکاریش کە لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکەدا کاریان کردووە کەوتوونەتە ژێر باڵەخانەکەوە و بریندار بوون.  

بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی شووباتی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی (٧.٧) پلەی رێختەر لە توركیا و سوریا و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان روویاندا و بەپێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە (٥٠) هەزار كەس لە باکوری کوردستان و تورکیا گیانیان لە دەستداوە و هەزاران كەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی شەش هەزار هاوڵاتی دیکەش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.


AM:09:45:06/05/2023