کچێکی کورد لە وڵاتی نەرویج کاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (شەبانە ڕەحمان)

کچێکی کورد بەناوی (فەریبا ڕەشید)ی کە چالاکێکی سیاسی بواری مافی ژنان و دۆزی کوردە، یەکێک لەو پێنج کەسەیە کە کاندیدن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (شەبانە ڕەحمان) لە وڵاتی نەرویج.

فەریبا ڕەشیدی ئەندامی یەکێتی ژنان لە وڵاتی نەرویج، لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەو چوار کەسەی تر کە کاندیدن، هەموو کەسانی چالاک و کاندیدی بەهێزن، وە من هیچ چاوەڕوانییەکم نییە خەڵاتەکە بەر من بکەوێت، بەڵام هەر خودی ئەوەی کە ناوی من یەکێکە لەناو ئەو ناوانە و خودی کاندید بوونەکە بۆ من شەرەفێکی گەورەیە و زۆر دڵخۆشم دەکات". 

فەریبا ڕەشیدی کوردێکی ناوچەی هەورامانە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی مەریوانە و ساڵانێکی زۆرە کار دژ بە هاوسەرگیری زۆرەملێ و کوشتنی ژنان و بەشوودانی کچی منداڵ و توندوتیژی ناو خێزان دەکات و بەردەوام لە میدیا کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەخنەی دەسەڵاتی ئێران دەکات و داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی ژنانی کورد و ژنانی ئێران دەکات.

شەبانە ڕەحمان نووسەر و درامانووس و ڕەخنەگر و ستاندئەپ کۆمیدییەکی بە ناوبانگی وڵاتی نەرویج بوو کە بە ڕەچەڵەک پاکستانی بوو، وە ساڵی پار بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

شەبانە ساڵانێکی زۆر وەک نووسەرێکی چاونەترس دژ بە کۆنتڕۆڵی کچان و لەپێناو ئازادی بیروڕا خەباتی کرد.

شەبانە لای کورد بەو کچە ناسراوە کە لە کۆڕێکدا مەلا کرێکاری کردە باوەش و بەرزی کردەوە وەک ڕەخنەیەک لەوەی کە مەلا کرێکار ڕای وابوو یەکێک لەو جیاوازییانەی نێوان ژن و پیاو کە وایکردووە خودا پایەیەکی بەرزتر بداتە پیاو لەبەرامبەر ژناندا ئەوەیە کە پیاو بەهێزترە.


PM:02:10:07/05/2023