پەرلەمانتارێك زانیاری نوێ سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنێت


پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتودا حكومەتی هەرێم لیستی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی (نیسان/4) رادەگەیەنێت.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاندووە، پلانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە لەماوەی 48 كاتژمێردا لیستی موچەی مانگی نیسان ڕابگەیەنێت كە هەمو وەزارەتەكان موچەی خۆیان وەربگرن لەماوەیەكی كورتدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دینار لە ڕێگای بانكی ڕەشید و ڕافیدەینەوە ناردۆتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

محەمەد سەدرەدین روونیكردۆتەوە، بەو 400 ملیارەی كە لە بەغداوە هاتوە لەگەڵ ئەو داهاتە ناوخۆییەی كە تەواوكەری ئەم پارەیەیە و هەتا ئەوكاتەی لیستی موچە تەواو دەبێت، ڕۆژانە حكومەت هەوڵ دەدات بەشێوازێكی سیستەماتیك و دەوری ئەم داهاتە ناوخۆیەش كۆبكاتەوە بۆئەوەی بتوانێت هەمو فەرمانبەرەكان بەگوێرەی ئەو خشتەیە موچەی خۆیان وەربگرن.



AM:09:36:10/05/2023