سەرۆكی نوێی شارەوانی هەڵەبجە دەستبەكاربوو


سەلام بیلال، سەرۆكی نوێی شارەوانی هەڵەبجە لە شوێنی سەید حەكیم سەید نەجیب، سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە دەستبەكاربوو و دەڵێت "چاوم لەسەر پڕۆژە راگیراوەكان دەبێت و یەكێك لە كارەكانم زیندووكردنەوەی ئەو پڕۆژانەیە".

رۆژی پێنجشەممە سەلام بیلال، سەرۆكی نوێی شارەوانی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەڵێن دەدەین بتوانین بەشێوەیەك راستەوخۆ پردێكی پەیوەندی لە نێوان شارەوانی و هەموو تاكێكی هەڵەبجە دروست بكەین، بەڵێن دەدەین خزمەتگوزارییەكانمان بگاتە گەورەترین سنوور لە چوارچێوەی ئەو پێداویستییانەی لە سنووری شارەوانی هەڵەبجە لە بەردەستماندایە."
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، "چاوم لەسەر ئەو پڕۆژانەیە و یەكێك لە كارەكانمان زیندووكردنەوەی ئەو پڕۆژانە دەبێت".
 
دوای شەش مانگ لەدەستبەكاربوونی، سەید حەكیم دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد و رۆژی 2ی ئایاری 2023 رایەیاند "خۆم دەزانم كێ بڕیاری دوورخستنەوەی داوم و هۆكار چییە، بەڵام جارێ ئاشكرای ناكەم، كاتێكیش زانیم بڕیاری دوورخستنەوەكەم دراوە، دەستلەكاركێشانەوەم نووسی".



PM:03:36:11/05/2023