کاروان گەزنەیی دوای هەوڵی "تیرۆرکردنی" ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کاروان گەزنەیی لە پەیامێکدا دەربارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو ڕایدەگەیەنێت" لەلایەن هێزێکی دەمامکداری ڕاهێندراو بە چوار ئۆتۆمۆبێلەوە هەوڵی تێرۆرکردنمان درا". 

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەسەر ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت" لە هەوڵێکی تێرۆرکردن ڕزگارمان بوو، دوای ئەوەی شەوی لەلایەن هێزێکی دەمامکداری ڕاهێندراو بە چوار ئۆتۆمۆبێلەوە هەوڵی تێرۆرکردنمان درا، بەڵام بەداخەوە شۆفێرەکەم بریندارە".

راشیگەیاندووە" هیچ کاتێک کێشەیەکی کەسیم لەگەڵ هیچ کەس نەبووە، بۆیە چاوەڕوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانین تێرۆرستان ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە".

دەشڵێت" سوپاس بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بێقسوربوون تا ئێستا، سوپاس بۆ هەواڵ پرسینی هەمولایەک، لە کاتی خۆیدا ڕونکردنەوەی پێویست تەواو لەسەر تەواوی ڕوداوەکە دەدەین".

تائێستا هێزە ئەمنییەکانی کۆیە و پەرلەمانی کوردستان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان دەربارەی ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.


AM:08:30:15/05/2023