کۆبوونەوەی نهێنێ نێوان ئەمەریکا و رژێمی ئەسەد ئەنجامدراوە کە ناویشانەکەی ( هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە)


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەگەڵ حکومەتی سوریا گفتوگۆی نهێنی و ڕاستەوخۆی ئەنجامدا و لەو گفتوگۆیەدا کەسایەتییە ئەمنی ئەو دوو وڵاتە و نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە بەشداریان تێدا کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە "فۆکس پرێس" لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەستی کەوتووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە بووە، ناوبراو ڕایگەیاندووە کە شاندەکەی ئەمریکا لەلایەن برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کاروباری ئاسایشی کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەرۆکایەتی کراوە.

ئەو سەرچاوە ئەمریکییە بۆ "فۆکس پرێس" زیادی کردووە کە "ماکگورک" لە میانی دانوستانە نهێنییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریادا مەرجی ئەوەی دابوو کە هەر چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا دەبێت گەرەنتی ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری تێدا بکات، بەو پێیەی ئەوان ناوچەیەکی بەرفراوانی لە زەوی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریان لە ژ‌وێردەستدایە و خاوەندارێتی بەرنامەیەکی سیاسی ڕوون دەکەن کە بەشدار دەبێت لە دانانی هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کۆتاییهێنان بە گەورەترین کارەساتی هەزارەی سێیەم.

مەرجی ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونی "هەسەدە” لە هەر چارەسەرێکی سیاسیدا، هاوکاتە لەگەڵ ئەو نێوەندگیرییەی کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سەرکردایەتی دەکات لە نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان هەردوولادا.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئازار و سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، چووە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی کۆبووەوە، لەنێویاندا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیماراتی، تەحنون بن زاید ئال نەهیان، بە یاوەری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پاڤێل تاڵەبانی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیمارات هەوڵدەدات پردێک بۆ بۆچوونەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سوریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێککەوتن لەسەر فۆرمولێک بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا.

ئەم هەوڵانە دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانی سوریا شەرعیەتی خۆی لە لایەن وڵاتانی عەرەبیەوە لەدەستدا، لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی دەستیان کرد بە ڕووکردن بەرەو ئیدارەی خۆسەر و بە کلیلی چارەسەری متمانەپێکراوی دەزانن بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی کە کۆتایی بە قەیرانی سوریا بهێنێت کە بۆ زیاتر درێژبووەتەوە لە دە ساڵ.



PM:04:37:20/05/2023