حزبە کوردییەکانی کەرکوک وەڵامی تۆمەتەکانی عەرەب و تورکمان دەدەنەوە

حزبە کوردییەکانی کەرکوک لێدوانی چەند لایەنێکی عەرەب و تورکمانەکان لەبارەی بوونی نادادپەروەری لە پۆستەکاندا رەتدەکانەوە و دەڵێن، ئەو لایەنانە زۆر دوورن لە جەماوەری رەسەنی عەرەبی و تورکمانی کەرکوک و نوێنەری راستەقینەی عەرەب و تورکمانی شارەکە نین.

بڕیار شوانی، نوێنەری حزبە کوردیییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"ھیچ نادادپەروەرییەک لە پێکھاتەی لقی کەرکوکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکاندا نیە، بەڵام لە فەرمانگە حکومییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکور نادادپەروەرییەکی زۆر لەبەرامبەر کورد ھەیە و لەکۆی ١٠٩ بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تەنھا ٢٢یان کوردن، ھەروەھا لە کۆی ١٢ بەڕێوەبەری دەستە لە کۆمپانیای نەوتی باکور ھیچ کوردێکی تێدا نیە".

وتیشی،" لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا کورد ٥٥%ی دەنگەکانی کەرکوکی ھەبووە و دەبوایە بەو رێژەیە پۆستەکان لای کورد بووایە کەچی ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری کەرکوک کە مافی رەوای کوردە دوور لە دەستور و یاسا لەلایەن بریکاری پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت".

نوێنەری حزبە کوردییەکانی کەرکوک داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکان کرد دووبارە پۆستە ئیدارییەکان بەپێی شایستەی ھەڵبژاردن دابەشبکرێنەوە و بەھیچ جۆرێک بڕگەی ٣٥ لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای عێراق قبوڵناکەن و لە دادگای فیدراڵی تانەیان لێداوە.


PM:04:57:24/05/2023