وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی گرانکردنی نرخی کارەباوە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار دوورە لە راستییەوە". 

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد" دەنگۆی بەرزبونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار دورە لە راستییەوە و کرێی کارەبا بۆ هاوڵاتیان لە هەموو شوێنێک بە بازاڕ و ستییە ئاساییەکانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها بۆ ستییە گرانبەهەکانی بە سیستەمی پریپەید، کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر کیلۆواتێکی کارەبا بە ١٥٦ دینار ئەژمێر بکرێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، بەهۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە، 
ژێر خانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم گەیشتوەتە نزیکەی ٧٤٠٠ مێگاوات، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە ٤٢٠٠ مێگاوات بەرهەمدێت، سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی باشتر بۆ هاوڵاتیان هەنگاو دەنێین".  

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پڕۆسەی سیستەمی پریپەید ماوەی ساڵێکە دەستیپێکردوە و تا ئێستا لە ستییەکانی گوندی ئیتاڵیی یەک و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیهان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و کواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوی جێبەجێ کراوە.


PM:02:20:25/05/2023