کتێبێکی نوێ لەژێر ناونیشانی(خوێندنەوەیەك بۆ هزر و نەریتی خێڵ لە قورئاندا ) لەنووسینی " تەها وەهاب " بڵاودەبێتەوە.
ناوەرۆکی کتێبەکە خوێندنەوەیەکی جیاوازە دەربارەی پەیوەندی نێوان دەق و واقیع لە قورئاندا. باس لە دیاردە و نەریت و خەسڵەتە باوەکانی ژیانی کۆمەڵگای عەرەبستانی سەردەمی هاتنەئارا و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلام و ڕەنگدانەوەیان لە دەقی ئایەتەکانی قورئاندا دەکات.
هەروەها تیشکدەخاتە سەر کاریگەری و لێکەوتەکانی دەقی ئایەتەکان لە درێژماوەدا لە سەر هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤی کۆمەڵگای ئیسلام بە گشتی.
یەکێك لە خەسڵەتە باوەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای عەرەبستان، کە ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لە دەقی ئایەتەکاندا هەیە بریتییە لە دەمارگیری خێڵەکی.. ئاوێتەبوونی دەمارگیری خێڵ و پیرۆزی دەق و حەقیقەتی ڕەها لە قورئاندا پێکەوە بوونەتە سەرچاوە و فاکتەری کوشتنی جیاوازی و فرەیی لە کۆمەڵگای ئیسلامدا، هەروەها لێکەوتەکانی توندڕەوی و جیاکاری و توندوتیژی.( لە کتێبەکەدا هاتووە).
بە گشتی ئەم کتێبە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی سەردەمیانەیە بۆ دەق و پیرۆزی و هزری ئاینی و کەلەپووری تەقلیدی و چەقبەستووی کۆمەڵگای ئیسلام بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی.
نوسەری ئەم کتێبە، تەها وەهاب چەند کتێبێکی دی لەو بوارەدا هەیە.
لە ئێستادا ئەم کتێبە لە سلێمانی لە کتێبخانەی غەزەلنووس و کتێبخانەی وشە دەستدەکەوێت.