زانیاری نوێ سەبارەت بە تەواوبوونی كارەكانی پڕۆژە یاسای بودجە


پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەنگدان لەسەر بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجە تەواو بووە و ئەمڕۆ رادەستی پەرلەمان دەكرێت.

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (ئێن ئاڕ تی) راگەیاندووە "ماددەكانی ١٣ و ١٤ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان بە گۆڕانكارییەوە دەنگی لەسەر دراوە و پارتی ناڕازی بووە، ئێستا پڕۆژە یاساكە ئامادەیە بۆ ئەوەی رادەستی پەرلەمان بكرێت".

كازمی روونیكردۆتەوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەستكاری نەكراوە و رێژەكەی ٪١٢.٦٧ە، بەڵام دەبێت هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل وەك پشكی نەوتی بفرۆشێت لەكۆی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل و ئەو بەشەی دیكە پارێزگاكانی دیكە پڕی دەكەنەوە.

سەبارەت بە گیڕانەوەی پاشكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ناوبراو وتویەتی "بڕگەیەك زیادكراوە كە دەبێت حكومەتی هەرێم مانگانە ٪١٠ی پاشكەوتی موچەی فەرمانبەران بگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران".

ئەو گۆڕانكارییانەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەدا كراون نیگەرانی بەرپرسانی حكومی و حیزبی بەتایبەتیش پارتی لێكەوتۆتەوە، دوێنێش حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، ئەو گۆڕانكارییانە قبوڵ ناكەن.

بڕیاریش بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەندان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كۆببێتەوە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەش بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.



PM:02:18:27/05/2023