هێمن هەورامی: خەریكە بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی كێشەكان


هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەگۆڕانكارییەكانی پڕۆژە یاسای بودجە تایبەت بە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "وەك هەمیشە چەند تاقمێك دووبارە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی كێشەكان، ئەوان نان و ژیانیان هەر لە گێژاو دەست دەكەوێت".

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "بەنیگەرانییەكی زۆر لە هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتار لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڕوانین، دەستكاریكردنی ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان و دەستبردن بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵەیەكی گەورەی دووبارەبووەوەیە، مێژوو سەلماندوویەتی هەمیشە هەوڵی خۆفەرزكردن و بەكارهێنانی لۆژیكی هێز ئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتووەتەوە".

هەورامی ئاماژەی بەوەكردووە "هێز و لایەنە سیاسییەكان دەبێت لەوە تێبگەن كە ماف و ئەركی هاوڵاتییان و بەشێكی وڵات بەخۆ لە بۆسەدانان و دانانەوەی مینی سیاسی وەدینایەت، بەڵكو ماڵوێرانی زیاتری بەدوادا دێت".

ناوبراو وتویەتی "وەك هەمیشە چەند تاقمێك دووبارە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی كێشەكان، ئەوان نان و ژیانیان هەر لە گێژاو دەست دەكەوێت، دەزانن بە چارەسەری ئاشتیانە و كۆتایی قەیرانەكان ڕاستی ئەوانیش دەردەكەوێت و كۆتاییان پێدێت".



PM:03:36:27/05/2023