مەسرور بارزانی هەڕەشەی توند دەكات


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی پڕۆژە یاسای بودجە هەڕەشە دەكات و دەڵێت "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە كە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەسكەوت بۆ خۆیان بزانن، بەڵام ئەمە هەوڵێكی نەزۆكە و سەر ناگرێت".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) ئەمڕۆ سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كردووە و لە بارودۆخی جووتیارانی پرسیوە و ریەیندووە "لە دانیشتنێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارانی دەڤەرەكە، جەختمان لەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بەشێوەیەك كە نابێت خەمی ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت". 

مەسرور بارزانی وتویەتی "هەروەها ئاماژەمان بەوەدا كە ئەو گۆڕانكارییانەی لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا كراون، ناپاكی و ستەمكاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت. ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە كە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەسكەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە ئەمە هەوڵێكی نەزۆكە و سەر ناگرێت".



PM:03:55:27/05/2023