گۆڕان داوایەك ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات


بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت "بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، داوای كۆبوونەوەی پێنج لوتكەی پێنج لایەنەكەی هەرێم دەكەن". 

بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە "پاش چەندین هەوڵی بزووتنەوەكەمان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و چارەسەری ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیەكانەوە، جارێكی دیكە پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان لێكترازانێكی تری دروستكرد". 

بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە "دواجار پێنج لایەنی سەرەكی لە (١١-٣-٢٠٢٣) ڕێكەوتنێكیان ئیمزاكرد كە ئەم دوو پرسە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و كارا بكرێنەوە".

وەك بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی "گۆڕان سیاسەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، كە پێداگرییە لە بنەما یاساییەكان و گەڕانەوەی شكۆ بۆ دامەزراوەكان، بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی ئەم دۆخە و لێكترازانی زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانی هیچ كۆبونەوەیەكی كۆمسیۆن بەپێویست نازانین".


بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی هەرێم و پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم، داوای كۆبونەوەی لوتكەی پارتە سیاسییە سەرەكیەكان دەكات".



PM:04:21:27/05/2023