سبەینێ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی توركیایە


بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا كۆتایی هات و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكرێت كە سبەینێیە. 
 
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاندووە، كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانیی جمهور و كەمال كڵچدارئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللـەت كۆتایی دێت. 
 
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستە كاندید 50+1٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت. لە ئەگەری نەگەیشتنی رێژەی دەنگی هیچكام لە كاندیدەكان بۆ ئەم رێژەیە، هەڵبژاردنەكان دەكەوێتە گەڕی دووەمەوە و مەرجە لەماوەی 15 رۆژدا دووبارە بكرێتەوە. لە گەڕی دووەمیشدا بەربەستی 50+1٪ نامێنێت و كێبڕكێ لەنێوان دوو بەهێزترین كاندید  دەكرێت كە دەنگی یەكەم و دووەمیان بەدەست هێنابێت، هەر كامەیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە 13ەمین سەرۆك كۆماری توركیا. 
 
لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەكان، كەمال كڵچدار ئۆغڵو 44.88٪، سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەكانیان بەدەستهێنابوو. 



PM:05:09:27/05/2023