ژمارەیەك خوێندكاری خوێندنگەیەكی سلێمانی ژەهراوی بوون

ژمارەیەك خوێندكاری خوێندنگەیەكی سلێمانی بەهۆی خواردنەوە لە گەشتێكیاندا بۆ هاوینەهەواری دوكان ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچكەكە كراون.

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ئایار، نزیكەی ٣٠ خوێندكاری خوێندنگەیەكی سلێمانی، كە بەمەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لە هاوینەهەواری دوكان كردبوو، بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون.

سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی  ڕایگەیاند، "ژمارەیەك خوێندكار، كە بۆ گەشت چوونەتە هاوینەهەواری دوكان ژەهراوی بوون و لە ئێستادا تیمی تەندروستی لە سلێمانییەوە ڕەوانەكراوە".

ئاماژەی بەوەشدا، لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شار لە سلێمانی ئامادەكاری تەواو كراوە و تیمە تەندروستییەكان ڕاستەوخۆ ئەو خوێندكارانە دەگوازنەوە بۆ سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

وتیشی:"خوێندكارانەكان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دوكان كراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ٦ خوێندكاریان دۆخیان ناجێگیرە، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی دەكرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

جەختیشی كردەوە، تیمە تەندروستییەكان لێكۆڵینەوە لەهۆكاری ژەهراوی بوونەكە دەكەن، كە "تەسەموم” بووە بە خواردن و پشكنین بۆ ئەو خواردنە دەكەن.

 


PM:07:57:27/05/2023