هەندی لایەنی توندڕەو بەردەوامن لە دروستکردنی کۆسپ

ئەندامی مەكتەبی  سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا رایدەگەێنێت، "ئەو هەمواركردنە نادادپەروەرانەی لە لیژنەی داراییدا سەپێنران، دەمانگەڕێننەوە بۆ ئەو كێشە جەوهەرییەی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەك دەوڵەتێك بەدەستیەوە دەناڵێنێت".

كەمال كەركووكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەیننامەیەکی بڵآوکردەوە و دەلێت" دەبینین هەندێك لایەنی توندڕەو لە هەموو قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی پێكهێنانی حكوومەتدا، بەردەوامن لە هەوڵی دانانی كۆسپ لە سەر ڕێگەی حكوومەتەكەی سودانی بۆ ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان بكەن و ڕێ لەبەرەوپێشچوونی بگرن و، ناهێڵن ئەدای حكوومەت جەخت بكاتە سەر گرینگیدان بە بەرنامەكانی گەشەپێدان و پێشكەوتن لە جێی ململانێی سیاسیی بێهوودە".

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو هەمواركردنانەی لیژنەكەی پەرلەمان سەپاندوویانی لە ماددەكانی ١٣ و ١٤ی یاسای بودجە، كە تایبەتن بە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان لە چواچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا، لەم چوارچێوەیەدا دێن. هیچ گومانیشی تێدا نییە كە گشت ئەو هەمواركردنانەی بۆ ئەو دوو ماددەیە كراون، بناغەكانی ئەم سیستمە فیدراڵییە دەكەنە ئامانج، كە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی لەناوچوو لە ساڵی 2003دا داندران و چوارچێوە یاساییەكانیان لە دەستووری ٢٠٠٥دا كە زیاتر لە سەدا ٨٠ی خەڵكی عێراق دەنگی پێی دا، چەسپێندران.


دەقی بەیاننامەکە

حكوومەتی محمد شیاع سودانی لەسەر بنەمای ژمارەیەك ڕێككەوتنی سیاسی پێك هێنرا، كە پێشاندەری خواستێكی ڕوونی هێزەكانی ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتن بۆ ڕزگاربوون لە بارگرانیی ئەو كێشانەی لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە سەدەی ڕابردوودا، تا ئەمڕۆ، بە هەڵپەسێردراوی ماون، بەو پێیەی ئەم كێشە و تەنگوچەڵەمانە باری سەر شانی هاووڵاتییانی عێراق و كوردستانیان بە هەموو چین و توێژەكانیانەوە گران كردووە و كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاشتی و گەشەكردن و پەرەپێدان لە عێراق هەبووە و هەندێكیان هەڕەشەیان لە بوونی عێراق وەك دەوڵەت كردووە. گشت هێزەكانی بەشدار لە هاوپەیمانی و لە پێكهێنانی حكوومەت بڕیاریان دا بنەماكانی بەشداریكردن و هاوكاری بكەنە بنەمایەك بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ كە هەموو پێكهاتەكان و نەتەوەكان لە ژێر چەتری دەوڵەتێكی فیدراڵیدا بگرێتە خۆی كە ڕێز لە پێكهاتەی هەمەڕەنگی كۆمەڵایەتیی خۆی بگرێت.

بەو پێیەش كە گرینگترین بڕگەكانی ڕێككەوتنە سیاسییەكە لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور هەڵچنراون، بە بێ گرێ و گۆل خرانە ناو بەرنامەی حكوومەتەوە و زۆرینەی دەنگەكانی پەرلەمانی عێراقیان بەدەست هێنا، بۆیە ئەركی حكوومەتی سودانی ئەوەیە كە جێبەجێیان بكات.

بەڵام دەبینین هەندێك لایەنی توندڕەو لە هەموو قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی پێكهێنانی حكوومەتدا، بەردەوامن لە هەوڵی دانانی كۆسپ لە سەر ڕێگەی حكوومەتەكەی سودانی بۆ ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان بكەن و ڕێ لەبەرەوپێشچوونی بگرن و، ناهێڵن ئەدای حكوومەت جەخت بكاتە سەر گرینگیدان بە بەرنامەكانی گەشەپێدان و پێشكەوتن لە جێی ململانێی سیاسیی بێهوودە.

ئەو هەمواركردنانەی لیژنەكەی پەرلەمان سەپاندوویانی لە ماددەكانی 13 و 14ی یاسای بودجە، كە تایبەتن بە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان لە چواچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا، لەم چوارچێوەیەدا دێن. هیچ گومانیشی تێدا نییە كە گشت ئەو هەمواركردنانەی بۆ ئەو دوو ماددەیە كراون، بناغەكانی ئەم سیستمە فیدراڵییە دەكەنە ئامانج، كە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی لەناوچوو لە ساڵی 2003دا داندران و چوارچێوە یاساییەكانیان لە دەستووری 2005دا كە زیاتر لە 80%ی خەڵكی عێراق دەنگی پێی دا، چەسپێندران.

كۆی ئەم هەمواركردنانە پێشێلكاریی دەستوورن، بۆ نموونە ماددەی 109 كە حكوومەتی فیدراڵی بە پاراستنی سیستەمی فیدراڵیی دیموكراسیی عێراق پابەند دەكات و، ماددەی 115 كە لە كاتی ناكۆكی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا یەكەمایەتی بە یاسای هەرێم و ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون دەدات و، ماددەی 116 كە دەڵێت عێراق لە پایتەختێك و هەرێمەكان و پارێزگا لامەركەزیەكان و ئیدارە خۆجێیەكان پێك دێت و، ماددەی 117 كە وەك هەرێمێكی فیدراڵی ددان بە هەرێمی كوردستاندا دەنێت. جگە لەمانەیش ئەم هەمواركردنانە تێكدانێكی ئاشكرای دیدگای یەكگرتوو و ڕێككەوتنە سیاسییەكان و لێكتێگەیشتنە ئەرێنییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستانن.

هەندێك لەو هێزانەی لە لیژنەی داراییدا ئەم هەمواركردنانەیان سەپاند، لەبری تەواوكاریی كۆمەڵایەتییانەی داواكارییەكانی كەرتە جیاجیاكانی گەل، یاسای بودجەیان خستە ژێر باری هاوكێشەكانی هێز و سەپاندنی ئیرادە و، ئەوەیان لە بیری خۆیان بردەوە كە بودجە بابەتی ئابووری و گەشەسەندنە و پەیوەستە بە بژێویی هاووڵاتییان و بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان و، لە سەر بنەمای پلانی ڕاستەقینە دادەڕێژرێت و، پرسێكی سیاسی نییە كە ئەم لایەنانە هەوڵ بدەن لە ڕێگەیەوە بەرژەوەندی و ئەجێندا گوماناوییەكانیان تێپەڕێنن.

ئەو هەمواركردنە نادادپەروەرانەی لە لیژنەی داراییدا سەپێنران، دەمانگەڕێننەوە بۆ ئەو كێشە جەوهەرییەی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنیەوە وەك دەوڵەتێك بەدەستیەوە دەناڵێنێت، كە لە چەند قۆناغێكی مێژووییدا، وەك هەموومان بینیمان، بووە مایەی هەڕەشە لە سەر بوونی دەوڵەتی عێراق، لەو كاتانەدا كە حكوومەتە جیاجیاكانی عێراق سیاسەتی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە و پێشێلكردنی یاسا و دەستووریان پیادە كرد لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیستماتیكی هەڵچنراو لە سەر بنەمای بیرۆكەیەكی هەڵە و سیاسەتێكی شكستخواردوو بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە، كە بریتی بوو لەوەی دەوڵەتی عێراق بەبێ سڕینەوەی هەموو نەتەوەكان و ئینتیما ئایینی و مەزهەبییەكان و تواندنەوەیان لە بۆتەیەكی یەك ڕەنگدا ناتوانێت بەردەوام بێت، كە ئەمەیش پەراوێزخستنێكی تەواوی ئەو ڕاستییەیە كە دەوڵەتی نوێی عێراق لە چەندین نەتەوە و ئیتنیك و مەزهەب و ئایینی جیاواز پێك هاتووە و ئەمە سەرچاوەی هێز و كامڵبوونیەتی، نەك خاڵی دابەشبوون و پەرتەوازەیی و، عێراقی پاش 2003 دەوڵەتێكی فیدراڵییە ددان بە هەموو دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی هەرێمی كوردستاندا دەنێت. ئەوەتا گشت ململانێ و شەڕە درێژخایەن و سیاسەتە زۆردارییەكانی كە بوونە هۆی ئازار و مەینەتی بۆ پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی عێراق، سەرچاوەكەیان تێنەگەیشتنی چینی سیاسی بەغدا بووە لە واتەی دەوڵەتی فرە نەتەوە و فرە ئیتنیك و، جەختكردنی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانە لە عەقڵیەتێكی بەسەرچوو، كە پیادەكردنی سیاسەتەكانی توندوتیژی و سەركوتكردنی بەلاوە ئاسانترە لە سیاسەتەكانی تەواوكاری و لەخۆگرتنی یەكتری لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسیی – دیموكراسیی گشتگیردا كە هەموو نەتەوەكان و ئیتنیكەكان و ئینتیما ئایینییەكان لەخۆ بگرێت و، پشت بە گرینگیی پابەندبوون بە دەستوور و ڕێزگرتن لە یاسا ببەستێت، كە ناتوانین دەستبەرداریان ببین ئەگەر بمانەوێت سەقامگیرییەكی بەردەوام بەدەست بهێنین و سوود لە وانەكانی ڕابردوو وەربگرین بۆ پێشكەوتن بەرەو ئەو ئارامی و خۆشگوزەرانییەی هەموو خەڵك ئاواتەخوازیانن.

گەلی كوردستان لە تاریكترین و سەختترین كاتەكاندا ڕووبەڕووی بەهێزترین دیكتاتۆریەت لە ناوچەكە بووەتەوە و، هێزە جۆراوجۆرەكان بە ئامرازی زۆر و هێزی سەربازییانەوە، نەیانتوانی بڵێسەی باوەڕی گەل بە ڕەوایەتیی دۆزەكەی بكوژێننەوە و، هەرگیز نەیانتوانی متمانەی هاووڵاتیی كوردستان بە دانایی و لێهاتوویی سەركردایەتیی كورد و توانای گۆڕینی ئالنگارییەكان بۆ سەركەوتن و گۆڕینی بەربەستەكان بۆ هەلی بەدیهێنانی دەستكەوت و چەسپاندنی ئاشتی، لاواز بكەن. ئەم هەنگاوانەشی هەندێك هێز لە دژی بەرژەوەندی گەلی كوردستان و بژێویی هاووڵاتییانی كوردستان ناویانە سەرناكەون و شكست دەهێنن و سەریان دەدات لە بەردی ئیرادەی كورد و كوردستانییان بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە ڕەوایانەیان كە لە دەستوور و چوارچێوەی یاسایی گشتیی پێكهاتەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا چەسپاون.



PM:10:20:27/05/2023