بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و چوار مێرد منداڵ دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین بازرگانێکی لە کاتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چوار مێردمنداڵی دەستگیرکرد.

دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، لە پێناو ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینە بەردەوامەکانیان ڕۆژی ٢٠٢٣/٥/٢٦ لە ئیدارەی ڕاپەڕین بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد بەناوی ( م ، أ ، أ ) لە کاتی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە .

لە شوێنی دەستگیرکردنەکەی تۆمەتباردا دەستگیرا بەسەر تەرازوی پێوانەکردن و کەرەستەی کێشانی ماددەکان و چەند بڕ و جۆرێک لە ماددە هۆشبەرەکانی ( هێرۆین ، شیشە ، ماریجوانە ) هەروەها دەستگیرا بەسەر چەکێکی بێ مۆڵەت لە جۆری دەمانچە ، لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٢٦ ) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە .

هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لەلایەکی ترەوە لە پارکی منارەی ناو بازاڕی ( ڕانیە ) چوار مێرمنداڵ دەستگیرکران کە هەستاون بە بەکارهێنانی هەندێک ماددەی زیانبەخش بۆ مەبەستی بێهۆشبونیان بەکاریان هێناوە ، بە فەرمانی دادوەر لەبەر تایبەتمەندی کەیسەکەیان و کەمی تەمەنیان ڕادەستی پۆلیسی نەوجەوانانی ڕانیە کران .

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان داوا لە دایکان و باوکان دەکات کە بەشداربن لە هەڵمەتی هۆشیاری لە زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و زیاتر چاودێری و ڕێنوێنی منداڵەکانیان بکەن بە مەبەستی بەدورگرتنیان لە خراپەکانی ئەو ماددانە لەسەر تاک و کۆمەڵگاکەمان .


PM:10:49:27/05/2023