سوودانی:هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان عیراق و توركیا دروستدەكرێت

سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "رێگای گەشەپێدان كە لە عێراقەوە بۆ توركیا لەرێگەی گواستنەوەی وشكانیی و ئاسنینەوە درێژدەبێتەوە، دەرفەتێكی ئومێدبەخشە بۆ یەكتربڕینی مێژوو و كولتوور و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان".

محەمەد شیاع سوودانی، لەمیانی سەرپەرشتیكردنی كۆنفرانسی رێگای گەشەپێدان، كە ئەمڕۆ شەممە لەشاری بەغدا، بە بەشداریی نوێنەرانی توركیا و وڵاتانی كەنداو بەڕێوەچوو، پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی خستەڕوو، كە بریتیە لە رێڕەوی گواستنەوەی وشكانیی و ئاسنین لە عێراقەوە بۆ توركیا، راشیگەیاند: ئەو پڕۆەژەیە، پڕۆژەیەكی گەورەیە كە كاری لەسەركراوە بۆ دەستەبەركردنی هەلی كار، پەرەپێدانی دارایی و زیادكردنی بەهای بەرهەمی گشتیی خۆماڵی و بەرهەمی گشتیی نیشتمانی.

سەرۆكوەزیرانی عێراق وێڕای تیشك خستنەسەر ئەوەی رێگای گەشەپێدان توانای هەیە كاریگەرییە نەرێنییەكانی پەیوەست بە پێویستیی فرەچەشنیی ئابووریی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا بسڕێتەوە، وتیشی:" ئەم پڕۆژەیە بناغەی ئابووری درێژەپێدراوی نانەوتییەو هەروەها خاڵی وەرچەرخانی خزمەتكردنە بە دراوسێكانی عیراق و ناوچەكە".

سوودانی باسی لەوەشكرد، رێگای زۆریان بڕیوە لە تەواوكردنی بەندەری مەزنی فاو لەمیانی پرۆژەكەدا و بەندەرەكە دەبێتە دەروازەی جموجۆڵی ئابووری و ئەو ناوچەیەی كە لە دەوری بنیاتدەنرێت، تێكەڵ بە شارە مۆدێرنەكان دەبێت كە زیرەكترین شارەكانی پیشەسازی لە جیهاندا لەخۆدەگرێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە رێگای گەشەپێدان شادەماری ئابوورییە و دەرفەتێكی ئومێدبەخشە بۆ یەكتربڕینی مێژوو و كولتوور و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، باسی لەوەشكرد، ئەو رێگاوبان و هێڵانەی ئاسنین كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا بنیاتنراون، ئاسانكاریی لە گواستنەوەی كاڵاكاندا دەكەن.



PM:11:44:27/05/2023