هەڵبژاردنی خوولی دووەمی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستیپێکرد

 بەیانی ئەمڕۆ ٢٨ ی ئایار خوولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستیپێکرد کە ٦٤ ملیۆن و ١٦٣ هەزار و ٨٩٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا ٤٩ هەزار و ٩٥٨ کەسیان گەنجن و یەکەم جارە مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەمڕۆ کە خوولی دووەمی هەڵبژاردن دەستیپێکرد دوای هەڵبژاردنی هاوڵاتیانی تورکیا دێت کە لە دەرەوەی وڵات دەنگیان داوەو ئاستی بەشداریکردنیشیان بەرزبوەوەو گەیشتبووە یەک ملیۆن و ٦٧٦ دەنگ، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە ناوخۆی وڵات ئاستی دەنگدان دابەزین بەخۆیەوە ببینێت .

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاش رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگەکانی نزیکەی ٩٨٪ـی سندووقەکان رابگەیێندرێت.
 
بە پێچەوانەی خوولی یەکەمی هەڵبژاردنەوە لە گەڕی دووەمدا واتا لەدەنگدانی ئەمڕۆ، رێژەی دەنگدانی نیوە+١ نامێنێت و هەر کاندیدێک لە ئەردۆغان یان  کلیچدار ئۆغلو لە کاندیدەکەی تر دەنگ زیاتر بهێنێت دەبێت بە سەرۆک کۆمار.

لە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٩،٥٢٪ی دەنگەکانی بە دەستهێنا، بەڵام کەمال کڵچدارئۆغڵو ٤٤،٨٨٪ی دەنگەکان، سینان ئۆغان ٥،١٧٪ی دەنگەکان موحەڕەم ئینجە ٠،٤٣٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.



AM:08:53:28/05/2023