"هەر گۆڕانکارییەک لە بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی ئەنجام دراون نایاساییە"

وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەر گۆڕانکارییەک لە هەر بڕگەیەک لە بودجەی گشتی لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەولێر و بەغداد ئەنجامدراون، بە نایاسایی دادەنرێت". 

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند" حکومەتی هەرێم پابەندە بە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردوویەتی سەبارەت بە مەلەفی نەوت و گاز و بودجەی دارایی گشتی". 

ئاماژەی بەوەشکرد" گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی بودجە سەبارەت بە پشکی هەرێم بە ئامانجی تێکدانی کەشوهەوای ئەرێنی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدایە بە مەبەستی بچوککردنەوەی هەرێمە بۆ ئاستی پارێزگا و بچوکتریش".

جەختیشیکردەوە، هەر دەستکاریەک لە پڕۆژەی بودجەدا بکرێت لە دەرەوەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغداد نادەستوری و نایاساییە. 

وتیشی" بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی هەیە کە هەموو دەستکاریەکی دەقەکانی حکومەت تایبەت بە بودجە لە پەرلەمان رەتدەکرێتەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مافی زیادکردن یاخود لابردنی دەقیان نیە". 

شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەردوو ماددەی (١٣ و ١٤)ی پڕۆژەیاسای بودجەیان جێگیركرد، بەڵام نوێنەرانی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەکە کشانەوە و هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێش دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا. 


PM:01:42:28/05/2023