ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆی گشتی فرۆش و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە، كە داهاتەكەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ڕابردوو ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل بووە، کە داهاتەکەی حەوت ملیار و ٦٩٩ ملیۆن و ٢٧٢ دۆلار بووە". 

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ مانگی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە کراوە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل بووە، بەڵام هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک ئێستا لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراون.

ڕوونیشیکردەوە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێكیش نەوت لەو مانگەدا (٧٨.٠٥٨) دۆلار بووە.

دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لەبارەی پرسی نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووەتەوە.


PM:03:11:28/05/2023