چوارچێوەی هەماهەنگی هەواڵێكی گرنگی سەبارەت بە بودجە راگەیاند


چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنن، گرنگی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی بودجە بەزووترین كات، چونكە پەیوەندی راستەوخۆی بە كاروباری حكومەت و هاوڵاتیانەوە هەیە.

میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی و سەركردەكانی دیكەی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەمیندارێتی گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتەكان و بارودۆخی سیاسی و ژمارەیەك دۆسیەی گرنگ كراوە كە گرنگترینیان پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵییە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، جەخت لەسەر گرنگی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی بودجە بە خێراترین كات كریەوە ئەوەش بەهۆی وابەستەیی راستەوخۆی بە كاروباری حكومەت و هاوڵاتییان.

بەهۆی دەستكاریكردنی چەند بڕگەیەكی پڕۆژە یاسای بودجە تایبەت بە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەی داراییەوە، ناڕەزایی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتەوە.



PM:09:26:28/05/2023