سامان بەرزنجی: ئاماری تووشبون بە تای خوێنبەربوون زیادیکردوە

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردووە، تائێستاش دوو کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" دوێنێ دووەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بونی ئەم حاڵەتە، بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات". 

وتیشی" ماوەیەکی زۆربوو لە هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان لە ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران تۆمارکراوە، دووەمیشیان لە شاری هەولێر تۆمارکراوە. 

سامان بەرزنجی ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم کرد بۆ خۆپاراستن لەم پەتایە، داواشی لە هاوڵاتیان کرد گۆشت و بەرهەمەکانیان لە شوێنە ڕێگەپێدراو و فەرمییەکان بکڕن.

دوێنێ چوارشەممە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر گیان لەدەستدانی گەنجێکی تەمەن (١٩) ساڵی ڕاگەیاند، بەهۆی پەتایەکی تای خوێنبەربوونەوە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە کە له‌ ماوه‌ی پێنج مانگی ئەمساڵدا له‌ عێراق (١٢٨) كه‌س تووشی نه‌خۆشییەکە بوون و (١٨)ـیان گیانیان لەدەستداوە.


AM:10:14:01/06/2023