بافڵ تاڵەبانی داوای کاری هاوبەش لەلایەنەکان دەکات


سەرۆکی یەکێتی لە یادی ٤٨ ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەی داوای كاری هاوبەش و پێكەوەییە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان، دەکات.
لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ ١ حوزەیران یادی دامەزراندنی یەکێتی دەکات، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت" دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری كێشەكان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێكەوە كوردستان بەرە و داهاتوویەكی گەشتر ئاراستە بكەین".

دەقی پەیامەكە:

لە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 47 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەرانی رێی خەبات دەكەم.

سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەر و سەركردەمان سەرۆك مام جەلال و سەرجەم دامەزرێنەرانی یەكێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرم و خۆمان بە قەرزاری خەباتی بێوچان و مێژووی پڕ لە شانازیتان دەزانین.


ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی دووپاتكردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەكانی یەكێتی كە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.


كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگە لە یەكڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەكی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بكات، دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری كێشەكان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێكەوە كوردستان بەرە و داهاتوویەكی گەشتر ئاراستە بكەین، ژیان و سەرفرازیی خەڵكەكەمان خەمی گەورەمان بێت و بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكان، ئامانجە باڵاكانمان لەبیر نەباتەوە. 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، خەباتی كردووە لەپێناو بەهێزكردنی پایەكانی حوكمڕانی و دیموكراسی و فراوانكردنی سنوورەكانی ئازادی. بڕوای تەواومان بە كاری هاوبەش و پێكەوەییە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان. دەبێت ناكۆكییەكان لە رابردوودا جێبهێڵین، پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی سەقامگیرتر هەنگاوبنێین و ئەو ژیانە بۆ خەڵكەكەمان دەستەبەر بكەین كە بەڵێنمان پێدابوون.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە بانگەشەی پێكەوەیی و یەكگوتاریی كردووە، چونكە پێمانوایە بەهێزیمان پەیوەستە بە پێكەوەبوون و یەكدەنگیمانەوە. لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێكمان داوە و ویستوومانە لە بەغدا نوێنەری راستەقینەی خەڵكی هەرێم و بەدیهێنەری مافە یاساییەكانمان بین. لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە عیراق هەوڵمان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكان داوە و بەردەوامیش دەبین. دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان، داهاتوویەكی گەشتر بۆ خەڵك و وڵات مسۆگەر بكەین.


خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو یەكێتییە دڵسۆزەكان دڵنیا دەكەینەوە كە ناهێڵین یەكێتی لە رێبازە پیرۆزەكەی لابدات و بە رۆحی خۆمان چارەنووسی حزبە تێكۆشەرەتان دەپارێزین. یەكێتیی ماڵی هەمیشەیی ئێوە بووە و هەروا دەمێنێتەوە.


دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.


بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:12:50:01/06/2023