نەخۆشییەکی نوێی پێست لە عێراق بڵاودەبێتەوە و چەندین تووشبوو تۆمارکراون

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە تۆمارکردنی 20 تووشبووی نەخۆشیی"برینی بەغدا" لە پێنج گوندی قەزای باقوبەی ناوەندی پارێزگاکە راگەیاند و دەڵێت، "لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون، زیاتر لەنێو گوندنشیاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەگشتی نەخۆشییەکە کوشندە نییە."

رۆژی پێنجشەممە، ١ی ٦ی ٢٠٢٣، فارس عەزاوی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیالە بە  رووداوی ڕاگەیاند" ئەمساڵ ٢٠ تووشبوو بە نەخۆشیی برینی بەغدامان تۆمارکردووە کە نەخۆشییەکی پێستە، دواجار دوێنێ چوارشەممە دوو تووشبوومان لە یەکێک لە گوندێکی خان بەنی سەعدی سەر بە قەزای باقوبە تۆمارکرد."

روونیشیکردەوە، لەگەڵ وەرزی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکات، بۆیە ئێستا کە گەرما دەستیپێکردووە لە چەند گوندێکی پارێزگای دیالە ئەو تووشبووانە تۆمارکراون، بەڵام ژمارەکە زۆر نییە و نەخۆشییەکەش مەترسیدارنییە.

لەبارەی نەخۆشییەکەوە، وتەبێژی تەندروستی دیالە باسی لەوەکرد، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی برین لەسەر پێستی مرۆڤ دوای پێوەدانی مێشوولە، بەوهۆیەوە برینەکان بەپێی پێوەدان و ناسکیی پێستەکە و تەمەنی کەسەکە دەگۆڕێت، گوتیشی، "لە ١٠ ساڵی رابردوودا ئەو ژمارەیەی ئەمساڵ تۆمارکراوە، کەمترینە."

لیشمانیای پێست كە بە "برینی بەغدا"ش ناودەبرێت، نەخۆشییەكی پێستە كە بەهۆی جۆرێكی مشەخۆری لیشمانیاوە دەگوازرێتەوە و زیاتر لە ناوچە گەرمەكان بڵاوە. سەرچاوەی مشەخۆرەكە بەزۆری گیانەوەرانی دیكەن و راستەوخۆ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی ناگوازرێتەوە، واتە بەركەوتنی برینەكە نابێتە هۆی گواستنەوە، نەخۆشییەکە بە "حبه‌ بغداد"یش دەناسرێت.

گواستنەوە تەنیا لە رێگای پێوەدانی مێشوولەی مێینەی ساند فلای دەبێت، كە مێشوولەیەكی بچووكی بێدەنگە. مێشوولەكە لەرێگەی پێوەدانەوە گەرای لیشمانیا وەردەگرێت. گەراكە تەنیا لەنێو لەشی ئەو مێشوولەیەدا توانای هەیە گەشە بكات و بگۆڕێت بۆ ئەو قۆناغەی توانای نەخۆشخستنی خەڵكی هەبێت. 

كاتێك مێشوولەكە مشەخۆرێكی پێگەیشتووی هەڵگرتووە و بە كەسێكەوە دەدات، مشەخۆرەكە بۆ نێو جەستەی كەسەكە دەگوێزێتەوە.



AM:11:25:02/06/2023