کەشناسێک: ماوەی شەپۆلەکانی گەرما لە وەرزی ھاوینی ئەمساڵدا کەمتر دەخایەنێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەوشی کەشوهەوا و پلەکانی گەرمای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم مانگە پلەکانی گەرما زۆر بەرزنابێتەوە و وەرزی ھاوینی ئەمساڵیش جیاوازە بێت و ماوەی شەپۆلەکانی گەرما کەمتر دەخایەنێت و وەرزی بارانیش زووتر لە وادەی خۆی دەستپێدەکاتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد" لە ماوەی دوو رۆژی داھاتوودا بەھۆی زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوایەکی گەرمەوە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و لە رۆژی دووشەممەوە ٥-٦ کاریگەری کەم دەبێتەوە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنکی دەریای ناوەراست کە تا رۆژی چوارشەممە ٧-٦ بەردەوامی دەبێت و بەراورد بە مەودای یەکەم پلەکانی گەرما ٢ تا ٣ پلە نزمدەبێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەودای سێھەم جارێکی دیکە لە ٨-٦ وە تا ١٢-٦ ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ھەوایەکی گەرم و شێدار کە دووبارە کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ھەروەھا لەم مەودایەدا رۆژانی ١٠ و ١١ی مانگ بەھۆی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکانی زەریای ئەتڵەسی بۆسەر دەریای ناوەراست ئەگەری دروستبوونی ناسەقامگیریەکی لاواز دەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باران بەرێژەی جیاواز و ھەرەمەکی، لە ناوچەکانی وڵاتی تورکیا و ناوچە کەنار ئاویەکانی دەریای ناوەراست لەو ماوەیەدا ئەگەری بارانی زۆر و دروستبوونی لافاو دەبێت .

ئاراس جەبار لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پێشبینیش دەکات، دوای ١٢ی مانگ تا ٢٠ی مانگ ئەم مەودایەش بە زۆری ناوچەکانمان بەدوور دەبێت لە شەپۆلی گەرما زیاتر کەشی ناوچەکە لە ژێر کارگەری درێژبوونەوەی ئەو بارستە ھەوا فێنکانە دەبێت کە لە دەریای ناوەراستەوە چالاکە، ھەر وەک پێشتریش رامانگەیاند ئەم مانگە پلەکانی گەرما زۆر بەرزنابێتەوە ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو نابێت لەناو وەرزی ھاوینیش بەھەمان شێوە جیاوازە بێت لە ساڵانی رابردوو ماوەی شەپۆلەکانی گەرما کەمتر دەخایەنێت و وەرزی بارانیش زووتر لە وادەی خۆی دەستپێدەکاتەوە. 


PM:01:38:02/06/2023