دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەبێت نزیكەی چوار ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە


ئینیستتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، مووچەی مانگانەی ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران سێ ملیار و 395 ملیۆن دینارە و لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

ئینستیوتی پەی لە نامەیەكدا بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە "ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار). گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ شەش مانگ (سەرۆك: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سكرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە 117 ملیۆن دینار.

هەر بەپێی نامەكە، موچەی ئەندامان كە مانگانە هەشت ملیۆن و 200  هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێت ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی چوار ملیۆن و 100 هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێن بۆ هەر مانگێك بڕی چوار ملیۆن و 100 هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ شەش مانگ دەبێت 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ شەش مانگ دەبێت  یەك ملیار و 254 ملیۆن و 600 هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان "نایاساییە"، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە سێ ملیار و 395 ملیۆن و 300 هەزار دینار.



PM:04:45:03/06/2023