بنەماڵەی هاوكار جاف: سزای لەسێدارەدان بۆ بكوژانی هاوكار دەرچوو


بنەماڵەی ئەفسەری كوژراو هاوكار جاف رایدەگەیەنن "ئەمرۆ دادوەر فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ 9 تۆمەتباری دۆسیەی شەهیدكردنی هاوكار جاف دەركردوە".

بنەماڵەی هاوكار جاف لە راگەیەنراوێكدا رایانگەیاندووە "ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر، دەربارەی كەیسی شەهید كردنی ئەندامی بنەماڵەكەمان شەهید عقید هاوكار جاف كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو تیرۆركرا ئەو تۆمەتبارانەی لای خوارەوە بە غیابی حوكمی اعدامییان بۆ دەرچوو".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەم ناوانە كردووە "وەهاب مجید باقی، كارزان محمد رەشید، وریا خالد علی، عاسی رشید حوسین، عمار فەیسەل، لوئەی محمد رزا ، بولا ناسراوه به (تایگەر)، لەشكر محمد حسن، دلشاد زیاد احمد".

هاوكار جاف ئەفسەری دەزگای ئاسایشی هەرێم بوو لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەهۆی لكاندنی بۆمب بە ئۆتۆمبێلەكەی لەهەولێر شەهیدبوو، دوای چەند رۆژێك ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، چەند كەسێكی ناو دەزگای ئاسایش هاوكار جافیان تیرۆركردوەو بەو هۆیەوە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی قوڵتربونەوە.



PM:12:51:04/06/2023