حکومەتى عێراق دەرماڵەیەکی ٢٠٠ هەزار دیناری بۆ ئەم فەرمانبەرانە خەرج دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرج کردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ کارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) بڵاوی کردەوە، لەسەر داوای فەریقی یەکەم عەبدول ئەمیر یارەاللە سوپا سالاری سوپای عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بڕیاریدا بە خەرج کردنی بڕی ٢٠٠ هەزار دینار وەک دەرماڵەی مەترسی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری عێراق.

هاوکات ئەوەش ڕاگەیەنراوە، "بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لە سنووری باشووری پارێزگای بابل تاوەکو پارێزگای بەسڕە دەوام دەکەن، هەروەها هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لەگەڵ ئەوانەی پلەی ئەفسەریان هەیە".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشنیازەکەی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، ئەو بریندارانەش دەگرێتەوە کە ڕێژەی برینداری یەکەیان ٤٥% بەرە و سەرەوەیە و بە دەرماڵەی تەواوەوە بۆیان خەرج دەکرێت، ئەگەرچی دەوامەکەیان لە هەر کوێ بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، حکومەتی کار بەڕێکەری هەرێم، ماوەی ٩ ساڵ زیاترە سەر مووچە و پلە بەرز کردنەوەی سەرجەم فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە و تەنیا ساڵانە پلە بەرزکردنەوە و سەر مووچەی کەرتی سەربازی دەگرێتەوە.



PM:06:45:04/06/2023