بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە بەبێ کورد
پەرلەمانتاران واژوو کۆدەکەنەوە

لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵ کوردا نەکراوە، ژمارەیەکی پەرلەمانتاری عێراق سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژوون بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣.

دوو رۆژە کۆکردنەوەی واژوو لەنێو پەرلەمانتارانی عێراق دەستیپێکردووەو بە  دەیان واژوو کۆکراونەتەوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە، عالیە نوسەیف پەرلەمانتار ناسراوی دەوڵەتی یاسا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی" پاڵەوانەکانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی ئەندازیاری سیاسی ( مالکی ) دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەدەن بۆ زامنکردنی مافی گەل.

هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم هەفتەیە رۆژانێکی هەستیارن بۆ پەیوەندی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێم لە کاتێکدا تەنها ئەم هەفتەیە پەرلەمان ئاکتیڤ دەبێت و دواتر بۆ ماوەی مانگێک پشوو رادەگەیەندرێت.

تا ئێستا هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە نێو خۆیاندا کە هەردوو حیزبی کوردستان یەکێتی و پارتی ئەندامن تیایدا لەسەر پشکی هەرێم رێکنەکەوتوون.

لەلایەکی ترەوە فشارێکی زۆر لەسەر پەرلەمان هەیە کە یاسای بودجە لە پەرلەمان بە زووترین کات تێپەڕێنرێت، بەتایبەتی کە مانگی شەشەو هێشتا یاسای بودجەی ٢٠٢٣ بڕیاری لەسەر نەدراوە.   



PM:08:07:05/06/2023