دوو گەنج بەتۆمەتی كوشتنی هاوڕێیەكیان دەستگیركران


پۆلیسی ڕاپەڕین رایدەگەیەنێت، دوو گەنج بەتۆمەتی كوشتنی هاوڕێیەكیان دەستگیركران و لەئێستاشدا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە،  شەوی 4ی ئەم مانگە، بریندارێك بەناوی ( و. ٲ . م ) ڕەگەزی نێر تەمەن 21 ساڵ، دانیشتوی گەڕەكی راپەڕینی قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەكەی بەڕێكرا بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەڵام لە ڕێگا گیانی لەدەستدا.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "دوای تێپەڕبونی چەند ڕۆژێك بەسەر ڕوداوەكە، دوو ھاوڕێی خۆی بە تۆمەتی كوشتنی ئەو گەنجە لەلایەن ئاسایشی قەزای ماوەت دەستگیركران و دواتر ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین كرانەوە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا، پاشان بە بڕیاری دادوەر بە ماددەی 405 لە یاسایی سزادانی عێراقی هەردوكیان ڕاگیراون، لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە".



PM:12:00:07/06/2023