لەبارەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان ڕوونکردنەوە دەدرێت

وەزیری بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئامادەكارییەکان بۆ دابەشكردنی سەبەتەیەكی خۆراكی بەسەر هاوڵاتیاندا تەواو بووە". 

ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئامادەكارییەکان تەواو بووە بۆ دابەشكردنی بەشێكی دیكەی سەبەتەی خۆراكی بەسەر هاوڵاتیاندا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامن لە پڕۆسەی ئامادەكردن و دابینكردنی ماددەكانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاكان. 

جەختیشیکردەوە، لە ئێستاشدا دەستیانكردووە بە دابەشكردنی بەشێكی دیكەی بەشە خۆراك دوای ئەوەی بڕێكی زۆری خۆراك گەیشتۆتە كۆگاكان.

ماددەكانی خۆراك پێكهاتوون لە (برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە) و پاقلەمەنییەكان لە (نیسك و نۆك و فاسۆلیا).


AM:12:05:08/06/2023