جارێكی دیکە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

بڕیار بوو کاتژمێر (١:٠٠)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی بەڕێوەبچێت، به‌ڵام کۆبوونەوەکە تا ئێستا دەستیپێنەکردوو. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی میدیا)، دوای ئەوەی بڕیاربوو کاتژمێر (١:٠٠)ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەنگدان بە بڕگەکانی دیکەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەستپێبکات، بەڵام دانیشتنەکە تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووە. 

هەروەها لە ئێستاشدا کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان وەک ئامادەکاری بۆ تێپەراندنی یاسایی بوجەی گشتی بەردەوامی هەیە. 

درەنگانی شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسەندكردنی بودجەی سێ‌ ساڵی داهاتووی عێراق دەستیپێكرد، لە دانیشتنەكە چەند مادەیەك پەسەندكران کە بریتین لە: 

مادەی یەك: تایبەتە بە نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار كە هەر دۆلارێك بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیر گراو دیاریكردنی نرخی نەوت بە (٧٠) دۆلار و پێشبینی بڕی نەوتی هەناردەكراو بوو.

مادەی دوو: دواخرا كە تایبەت بوو بە خەرجییەكانی حكومەتی عێراق.

مادەی سێ: تایبەتە بە پاڵپشیی دارایی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و دەسەڵاتی وەزیری دارایی بۆ ئەو كارە و پەسند كرا.

مادەی چوار: لادرا كە تایبەت بوو بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەی تەرخانكراو لە قەرزەكان و گۆڕینی ئەو لایەنەی كە سوودمەند دەبێت لە قەرزەكان.

مادەی پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتی راستەوخۆی خەرجكردن و رێگری لە تێپەڕاندنی بڕی تەرخانكراو و پەسند كرا.

مادەی شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتی گواستنەوەی بودجە و پەسند كرا.

مادەی حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتی بەكارهێنانی یەدەگی باری لەناكاو و پەسند كرا.

مادەی هەشت: تایبەتە بە سنوورداركردنی داهات بۆ یەك ساڵ و تا كۆتایی ٢٠٢٣ پەسند كرا. 


PM:01:44:09/06/2023